مەیدانی سوور

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-28-23:50:00 - کۆدی بابەت: 5602
مەیدانی سوور

ناوه‌ڕۆك

مەیدانی مۆسكۆ

مەیدانی سوور یاخود گۆڕەپانی سوور (بە ئینگلیزی: Red Square) بە ڕووسی پێی دەوترێ كراسنیا بلوشاد و بەناوبانگترین مەیدانی شاری مۆسكۆیە، هەریەك لە كرملێن و كۆشكی پادشایەتی پێشوو و بنكەی سەرەكی سەرۆكی ئێستای ڕووسیا لەو مەیدانەدان، لە زۆربەی ناساندنەكانیشدا بە بەناوبانگترین مەیدانی ڕووسیا ناودەبرێ، زۆرینەی شەقامە سەرەكییەكانی مۆسكۆ دەگەڕێنەوە بۆ ئەم مەیدانە لە هەموو لایەكانەوە، هەروەها لەوێشەوە دەردەچن بۆ شەقامە خێراكانی دەرەوەی شار، هەر بۆیە بە ناوجەرگەی هاتووچۆی شار دادەنرێت، مەیدانەكە درێژییەكەی 330 مەتر و پانییەكەی 70 مەترە.

ناوەكەی

ناوی مەیدانەكە بەهۆی حیزبی شیوعییەوە ناونەنراوە وەك ئەوەی زۆرێك پێیان وایە، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ ناوە ڕووسییەكەی كە كراسنیایە و لە كۆندا بە واتای سوور یاخود جوان هاتووە و لە سەدەی حەڤدەدا ئەم ناوەی پێبەخشراوە، هەروەها دەوترێت بەهۆی ئەوەی پادشا ئیڤانی چوارەم بەهۆی كوشتنی ژنەكەیەوە لەو شوێنەدا كوشتارگەیەك دروست دەكات و خەڵكێكی زۆر دەكوژێت، ناوی نراوە مەیدانی سوور.

پێگەی مەیدانەكە

لە سەردەمی یەكێتی سۆڤیەت مەیدانەكە نەك ئەوەی گرنگی خۆی لەدەستنەدا، بەڵكو بوویە شوێنێكی ستراتیژی بۆ حكومەتی نوێ، دواتریش بینای سەرەكی حیزب گوازرایەوە بۆ ئەوێ و بووە شوێنی سەرەكی نمایشی سەربازی، هەریەك لە كڵێسای كازان و كەنیسەی بچووكی ئێڤرێسكیا كە لەو مەیدانەدا بوون ڕووخێنران بۆ دروستكردنی شوێنێك بۆ هاتووچۆی زرێپۆش و گوێزەرەوە سەربازییەكان، بەڵام دوای ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت هەردووكیان دروستكرانەوە، ئەمەش زیاتر بەهۆی توڕەیی ستالین بووە لە پەرستگاكان، چونكە لازار كاجانۆڤێچی دیزاینەری دووبارە بونیادنانەوەی مۆسكۆ نەخشەیەكی پێشكەشی ستالین كردووە كە تێیدا دەكرا كازان بمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی سەرسەختی و سووربونی ستالینەوە بڕیاری ڕووخاندنی دەدات.

دوو لە گەورەترین نمایشەكان

لە مێژووی نوێی مەیدانی سووردا دووجار نمایشی زۆر گەورە و مێژوویی تێدا ئەنجامدراوە، كە یەكەمیان ساڵی 1941ـە كاتێك مۆسكۆ لەلایەن ئەڵمانییەكانەوە هێرشی كرایە سەر و گەمارۆ درا و سووپای سۆڤیەتیش بەو مەیدانەدا بەرەو بەرەكانی شەڕ دەڕۆشتن، دووەمیشیان كاتێك لە 1945 سووپای ئەڵمانیا شكستی هێنا و نمایشی سەركەوتن لە مەیدانەكەدا كرا و ئاڵای ئەڵمانیا خرایە بەرپێی ئارامگای لینین.

ڕووداوەكان

لە 28/5/1987 فڕۆكەوانێكی ئەڵمانی بەناوی ماثیاس ڕۆست بە فڕۆكەیەكی بچووكەوە لە نزیك مەیدانی سوور نیشتەوە، ئەمەش بووە ئابڕووچونێكی گەورە بۆ هێزە ئاسمانییەكانی یەكێتی سۆڤیەت و ڕاستەوخۆ هەریەك لە وەزیری بەرگری و فەرماندەی هێزەكانی دژەئاسمانی لەگەڵ دەیان فەرماندەی دیكە لە كار دوورخرانەوە.

لە ساڵی 1990 هەریەك لە كرملێن و مەیدانی سوور ناویان خرایە لیستی شوێنەوارە كلتوورییەكانی جیهان لەلایەن یونسكۆوە، هەمیشەش شوێنێك بووە بۆ مەراسیم و ئاهەنگەكان، زۆرێك لە هونەرمەندانیش لەوێ ئاهەنگیان گێڕاوە وەك شەكیرای كۆڵۆمبی و پۆڵ مەككارتنی، دوای ڕووخانی سۆڤیەت لە ساڵی 2008 بۆ یەكەمین جار دووبارە ئاهەنگی ڕۆژی سەركەوتن بە نمایشی سەربازی ئەنجامدرایەوە بەبۆنەی 63ـەمین ساڵیادی سەركەوتن بەسەر ئەڵمانیادا.

دیمەنەكان

هەموو یەكێك لە بیناكان بۆ خۆیان مێژوویەكی تایبەت و ئەفسانەیەكن، یەكێك لەوانە ئارامگای ڤلادیمێر لینینی یەكەمین سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەتە، هەروەها بیناكانی كڵێسای باسلی پیرۆز و كۆشكەكانی كرملێن، هەروەها كەنیسەی كازان و بیناكانی بنكەی بازرگانی، لە بەشی باكووریشدا بورجەكانی كرملێنی تێدایە كە مۆزەخانەن و خەڵكی سەردانیان دەكات، تاكە پەیكەر لە مەیدانەكەدا هەبێت پەیكەری هەریەك لە كۆزما مینین و دیمیتری بۆزهارسكای كە بەرگریان لە مۆسكۆ كردووە دژی پۆڵەندییەكان لە 1612.


سەرچاوەکان



983 بینین